بەریتانیا بۆ رێگریكردن لە كۆچبەران پارە بە هەرێمی كوردستان دەدات
کەژان
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢١٢
بە مەبەستی رێگریكردن لە كۆچبەران، بەریتانیا بە نیازە پارە بداتە هەرێمی كوردستان و توركیا و ڤێتنام.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە، حكومەتی بەریتانیا دانوستانی لەگەڵ توركیا و ڤێتنام و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی عیراق دەستپێكردووە، بۆ پێدانی پارە پێیان بە ئامانجی كەمكردنەوەی رۆیشتنی كۆچبەران بەرەو بەریتانیا.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ژمارەیەك حكومەت، لەنێویاندا حكومەتی كوردستان و توركیا و ڤێتنام، سەبارەت بە هاوكاری و رێككەوتنی ئەمنی، كە دەكرێت پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی پێبهێنرێت.
لای خۆیەوە، كەیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی رۆیشتنی بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی ٢٠ لە بەرازیل بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، كارێكی دروستە بۆ بەریتانیا كە خەڵك لە جێهێشتنی وڵاتەكانیان پەشیمان بكاتەوە چونكە هەندێك جار بۆ پەڕینەوەیان لە كەناڵی ئینگلیز ژیانی خۆیان دەكەنە مەترسیەوە.
وتیشی، حكومەت پلانی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو باندە تاوانكاریانەی كە بەشدارن لە قاچاخچێتی بە خەڵك.