قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەی لە میانەی ئۆپراسیۆنێکدا بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی لیوا هاوبەشەکان لە سنوری خورماتوودا تەقییەوە پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و  رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە تۆڵەی شەهیدبوونی ئەم سێ پێشمەرگە قارەمانەمان دەکەینەوە.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...

بەداخەوە جارێکی تر دەستی تیرۆر گەشتە خوێنی رۆڵە قارەمانەکانمان و سێ پێشمەرگەی گیانفیدامان شەهیدبوون و سیانی تریش بریندار بوون.

لە دڵەوە سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکارە سەربەرزەکانیان و هاوسەنگەرانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

وەکچۆن هەموو جارێک دوای شەهیدبوونی رۆڵەیەکی گەلەکەمان، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانمان گورزی کوشەندە و جەرگبڕتر لە تیرۆریستان دەوەشێنن، بە دڵنیاییەوە دوای شەهیدبوونی ئەم سێ پێشمەرگە قارەمانەشمان، هێزەکانمان تۆڵەی خوێنی پیرۆزیان دەکەنەوە.