لە سنوری خورماتوو بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێكی لیوا هاوبەشەكان تەقییەوە، بەهۆیەوە دوو فەرماندەو سەربازێكی هێزەكانی پێشمەرگە شەهیدبوون.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمرۆ بۆمبێكی چێندراو لە تەنیشت بیرەنەوتی پەلكانە لە سنوری خورماتوو بە ئۆتۆمبێلێكی لیوا هاوبەشەكان تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو فەرماندەو شۆفێرێكی هێزەكانی پێشمەرگە كە پلەی سەربازی هەبووە شەهیدبوون.

وتیشی، ئەو دوو عەقیدەی كە شەهیدبوون ناویان عەقید سامان سابیرە فەرماندەی فەوجی سێی لیوای ٢٠ هاوبەشە و خەڵكی سەرگەرانە، ئەوی تریشیان عەقید محەمەدە ئەندازیاری فەوجەكە بووە.

پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، هەر بەهۆی تەقیینەوەكە دوو كەسی تریش برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەی كەركوك كراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر، وتیشی تەقینەوەكە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكەوە رویداوە كە لەسەردەمی داعشدا لەو ناوچانەدا چێندراون.

یاسین مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو هێزە لە كاتی چونیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لەو ناوچەیەدا بۆمبیان پیادا تەقیەوەتەوە و سێ ئەندامیان شەهید بوون و هیوادارن لە داهاتوودا ئۆپراسیۆن بكرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانە.