لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە و جەختیانكردووە لەسەر دوورخستنەوەی وڵات لە لێكەوتەكانی ململانێی هەرێمی.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەكەدا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغداد، هەروەها دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، تاوتوێكراون.

سودانی ستایشی بەشداریی بەرفراوانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كردووە  و هەردوولاش جەختیانكردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەهێزكردنی میكانیزمەكانی هەماهەنگی هاوبەش و پێویستی چارەسەركردنی دۆسیە هاوبەشەكانی هەولێر و بەغداد لەڕێی دیالۆگی بیناتنەر و پابەندبوون بە دەستوری عێراقەوە. هەروەها هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزكردنی هاوكاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق تاوتوێكراون و هەردوولا جەختیانكردووەتەوە لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكەوتەكانی ململانێی هەرێمی و كاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.

لە دوایی هەولێر، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سودانی سەردانی سلێمانی دەكات و قوباد تاڵەبانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازی لێدەكات و دواتر لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی لە دەباشان كۆدەبێتەوە.