سودانی لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە
یەحیا
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٩٠
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێم تاوتوێی پرسەكانی موچە و بودجە و پێكهێنانی حكومەت دەكات.
بەیانی ئەمڕۆ سودانی لەڕێی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن سەرۆكی حكومەت و بەشێك لە وەزیرەكانەوە پێشوازی لێكرا.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان، سودانی سەردانی سلێمانی دەكات و لە دەباشان لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە.
ئامانجی سەردانەكەی سودانی بۆ هەرێمی كوردستان، تاوتوێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ لایەنەكان.
تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكانی سودانی و لایەنەكان، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد و پرسەكانی موچە و بودجە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتە، هاوكات تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتییش دەكرێت.
سودانی لە هەولێر لەگەڵ عەلی باپیر و سەرۆكی پارتی كۆدەبێتەوە و لە سەعات چوار دەگاتە سلێمانی و لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازی لێدەكرێت و بەرەو دەباشان بەڕێدەكەوێت.