ژمارەیەك خاوەن موەلیدە لەسەر كوژاندنەوەی كارەبا لە هاووڵاتیان لە چەمچەماڵ دەستگیركران
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١١١
قائیمقامی چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، ژمارەیەك خاوەن موەلیدە لەسەر كوژاندنەوەی كارەبا لە هاووڵاتیان دەستگیركراون و ژمارەیەكی دیكەشیان خۆیان رادەستدەكەن.
رەمك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەشێك لەخاوەن موەلیدەكان دەستگیركراون و ژمارەیەكیشیان خۆیان پەیوەندیانكردووە و خۆیان رادەستی یاسا دەكەن.
وتیشی، ناوی تەواوی خاوەن موەلیدەكان دراوە بەهێزە ئەمنییەكان، هەر خاوەن مۆلیدەیەكیش خۆی رادەست نەکات، دەستگیر دەكرێت و توندترین سزا دەدرێت.
ئێوارەی سێشەممە خاوەن موەلیدەكانی چەمچەماڵ زیاتر لە سەعاتێك كارەبایان لە هاووڵاتیان كوژاندەوە و مانگرتنیان راگەیاند، بە پاساوی كەمی نرخی موەلیدە، بەو هۆیەشەوە لەسەر سكاڵای قائیمقامی چەمچەماڵ فەرمانی دەستگیركردن بۆ خاوەن موەلیدەكان دەركرا.