قائیمقامی چەمچەماڵ بڕیاری دەستگیركردن بۆ خاوەن موەلیدەكان دەردەکات
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٢٩
بەهۆی كوژاندنەوەی موەلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێك، قائیمقامی چەمچەماڵ بڕیاری دەستگیركردنی بۆ خاوەن موەلیدەكان دەركرد.
ئەندازیار ئەردەڵان محەمەد بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای چەمچەماڵ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، پلانی كارەبا بەپێی وەرزەكان لەلایەن وەزارەتی كارەبای هەرێمەوە گۆڕانكاری بەسەردادێت، لەم وەرزەدا بەپێی رێنمایی دەبێت موەلیدە ئەهلییەكان لە شەواندا كارەبا بدەنە هاووڵاتیان، ئەوەش نیگەرانی خاوەن مولیدەكانی لێكەوتووەتەوە و مانیانگرتووە.
وتیشی، بەوهۆیەوە هاوڵاتییان لەسەعات ٥ـی ئێوارە تا سەعات ٦ و ١٥ خولەك بێ كارەبا بوون و دوای ئاگاداركردنەوەی كارەبای سلێمانی كارەبای نیشتمانی بۆ چەمچەماڵ گەڕاوەتەوە و كێشەكە بە كاتی چارەسەر كراوە.
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵیش رایگەیاندوە، لەسەر سكاڵای قائیمقامیەتی چەمچەماڵ و بە بڕیاری دادوەر، فەرمانی دەستگیركردن بۆ خاوەنی مۆلیدەكانی چەمچەماڵ دەركرا، لەبەرئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ كارەبای مۆلیدەیان كوژاندوەتەوە، بە بڕیاری دادوەر فەرمانی گرتن بۆ سەرجەم خاوەنی مۆلیدەكان دەركراوە.