خەرجكردنی موچەی مانگی ١٠ پێویستی بە رەزامەندی سودانییە
لاوان
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩٠٩
وەفدە داراییەكەی هەرێم بێ ئەنجام لە بەغداد گەڕانەوە و وەزارەتی دارایی فیدراڵیش ئامادەنییە، بەم لیستەی ئێستای موچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.
سەرچاوەیەكی تایبەت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوای دوو رۆژ مانەوەیان لە بەغداد، وەفدە تەكنیكییەكەی دارایی هەرێم كە بۆ مووچەی مانگی ١٠ لە بەغداد بوون، بێ ئەنجام گەڕاونەتەوە هەرێم و لەگەڵ بەغداد نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەیف سامی وەزیری دارایی ناڕازییە لە لیستەكە و ئامادەنییە پارە بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە كێشەكانی چارەسەرنەكراون، كە ئەوانیش ناوی نوێ و دووبارە و تەوتین و رادەستنەكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمە.
هاوكات، پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر ئاشكرایكرد، دوای گەڕانەوەیان لە بەغداد، وەفدەكەی هەرێم راپۆڕتێكی لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغداد بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەرزكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەداوە، ناردنی مووچەی مانگی ١٠ پێویستی بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆك وەزیرانی عیراقە.