دادگای بەریتانیا قاچاخچییەكی كوردی بە ١٧ ساڵ زیندانیكردن سزادا
ئاکام
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٦٠
دادگای بەریتانیا قاچاخچییەكی كوردی بە ١٧ ساڵ زیندانیكردن سزادا بە تۆمەتی گواستنەوەی سەدان كۆچبەری نایاسایی لەڕێی بەلەمی بچوكەوە بۆ بەریتانیا.
ماڵپەڕی سكای نیوزی بەریتانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە دادگای شاری پریستن لە بەریتانیا ئامانج حەسەن زادە كە تەمەنی ٣٤ ساڵە و لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە بەتۆمەتی گواستنەوەی ژمارەیەك كۆچبەری كورد بە بەلەمی بچوك لەڕێی كەناڵی ئینگلیزەوە بۆ ئەو وڵاتە دەستگیركراوە، بە ١٧ ساڵ زیندانیكردن سزادراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو قاچاخچییە كوردە لەگەڵ چەند گروپێك كاریكردووە كە كۆچبەری نایاساییان لە ئەوروپاوە كۆكردووەتەوە و رەوانەی بەریتانیایان كردوون بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢٣دا كە دوای دەستگیركردنی و دادگاییكردنی، ناوبراو دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.
ئامانج حەسەن زادە كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كەسایەتییەكی ناسراوە و چەندین كۆچبەری كورد لەكاتی كۆچكردنیان لەڕێی ئامانجەوە لەسەر بەلەمەكان ستایشی دەكەن، بە جۆرێك لە یەكێك لەو ڤیدیۆیانەی كە بڵاوبووەتەوە گەعدەیەكە كە ئامانجی تێدایە و هونەرمەندێك بە “باشترین قاچاخچی” وەسفی دەكات.