د.یاد نەقشبەندی: ئەمساڵ سێ هەزار و ١٥١ حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراوە
شنیار
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١١١
بەرێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی هیوا رەتیدەكاتەوە سلێمانی بوبێتە چەقی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە .
د. یاد نەقشبەندی، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، ساڵی رابردوو شەش هەزار و ٤٤٢ كۆدی گشتی لە نەخۆشخانەی هیوا كراوەتەوە كە لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٣٥٦ حاڵەتی شێرپەنجەیی بووە.
راشیگەیاند، لە دە مانگی ئەمساڵیشدا، پێنج هەزار و ٨٦٦ كۆدی گشتی كراوەتەوە كە لەو ژمارەیە سێ هەزار و ١٥١ ی حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجە بووە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو ئامارەكان نزیكن لە یەكەوە و رەتیشیكردەوە سلێمانی بوبێتە چەقی توشبون بە شێرپەنجە و ووتی، ئامارەكە هەمووی هی سلێمانی نییە بەڵكو هی هەموو ناوچەكانی تر و عیراقیشی تێدایە چونكە ژمارەیەكی زۆر لە توشبوانی شێرپەنجە لە هەموو ناوچەكانی ترەوە دێنە نەخۆشخانەی هیوا .
هەروەها ئاماژەیبەوەشکرد، ماوەیەكی زۆرە زەوییەكی ١٢ دۆنمی لە هەواری شار بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە تەرخان كراوە ، بەڵام تا ئێستا بریاری دروستكردنی نەدراوە، بۆیە بە پێویستی زانی بە زوترین كات لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران بێنە سلێمانی و هەنگاوەكان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێبكەن.