داوای خەرجكردنی ٢٨٤ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دەكرێت
کەژان
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٢٢
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای خەرجكردنی ٢٨٤ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستانی ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەكات.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە هەوڵی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بە تایبەتیش فراكسیۆنی یەكێتی و سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە دوو نوسراوی جیا داوایان ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم.
وتیشی، نوسینگەی سەرۆك وەزیران داوای لە وەزارەتی بازرگانی كردووە كە ئاگاداریان بكاتەوە لە بڕی ئەو پارەیەی كە تائێستا ماوە و خەرجنەكراوە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە 248 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم ماوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، نوسینگەی سەرۆك وەزیران داواكەی ئەوانی بە نوسراو ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ خەرجكردنی پارەكە.