ناڕەزایەتییەكانی باكوری كوردستان دژی دانانی قەیوم بەردەوامە
هادی
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٤٣
گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەكانی باكوری كوردستان لەدژی دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد و دانانی قەیوم لە شوێنیان بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 60 خۆپیشاندەر دەستگیركراون.
تونجەر باقرخان، هاوسەرۆكی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری لە بەردەم شارەوانی مێردین رایگەیاند، تاوەكو خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بكەن، هەرگیز قەیوم لە باكوری كوردستان سەرناكەوێت.
جەختیی لەوەشكردەوە، هەرگیز سیاسەتی قەیوم نەگەیشتووەتە ئەنجام و شكستیهێناوە، دەیانەوێت لەو شوێنانەی لە هەڵبژاردندا سەرنەكەوتوون، بە ساختەكاری و بڕیاری دادگا دەستیبەسەردا بگرن.
داواشی لە دەسەڵاتدارانی توركیا كرد، دەست لە سیستمی قەیوم هەڵبگرن، چونكە ئەو سیستمە مایەپووچبووە.
رۆژی دووشەممە هەریەك لە سەرۆك شارەوانییەكانی ئێلح و مێردین و خەلفەت دوورخرانەوە و قەیوم لە شوێنەكانیان دانرا، ئەوەش ناڕەزایەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا كە تائێستاش بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركراون.