لە سنوورى ماوەت ٢٠٠ دۆنم پوشوپاوان سووتا
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٧٥
لە سنووری ماوەت ٢٠٠ دۆنم پوشوپاوان و داری سروشتی سووتا و پۆلیسی دارستانیش کەسێک لەسەر ئەو روداوە دەستگیردەکات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن دانیشتووانی گوندی گەڵاڵێ ئاگادارکرانەوە لە روداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنوورەکەیاندا، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت گەیشتنە شوێنی روداوەکە و توانیان بە هاوکاری دانیشتووانی گوندەکە لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن .
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە ٢٠٠ دۆنم پوشوپاوان و داری سروشتی ناوچەکە سووتان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئەو روداوە کەسێک دەستگیرکراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی .