وەزارەتی ناوخۆی توركیا سێ سەرۆك شارەوانی كوردی لە باكووری كوردستان لە پۆستەكانیان دورخستەوە و سێ كەسی وەكو قەیوم خستە شوێنەكانیان.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەكەكە هەریەك لە ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین و گولستان سۆنۆك سەرۆك شارەوانی ئێلیهـ و هاوكات سەرۆكی شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای باكووری كوردستان دورخراونەتەوە و قەیوم لە شوێنیان دانراوە.

دوای دورخستنەوەیان، پۆلیس گەمارۆی بینای ئەو شارەوانیانەی داوە و رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر.

ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین سەبارەت بە بریارەكە لە تۆری كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیوویەتی، هیچ كات دەستبەرداری مافی ئازادی و دیموكراسی نابن و بەردەوامیی بە بەرخۆدان دەدەن و كەس ناتوانێت دەستبەسەر ئیرادەی گەلدا بگرێت.

ئەو سێ سەرۆك شارەوانییەی دورخراونەتەوە و قەیومیان بۆ دانراوە لەلایەن دەم پارتیەوە بەڕێوەدەبرێن و لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەكان سەركەوتنیان بەدەستهێنا.