وەزارەتی ناوخۆ: فرۆشیارانی سیمكارتی تۆمارنەكراو سزای دارایی دەدرێن
هەژار
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٠٧
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، فرۆشیارانی سیمكارتی تۆمارنەكراو سزای گەورەی دارایی دەدرێن و سەرپێچیكار بە سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، بۆ خێراكردنی رێوشوێنەكانی كۆنترۆڵكردنی فرۆشتنی سیمكارت كە لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆماركردن، لیژنە تایبەتمەندەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان راسپێردران رێكاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەك بگرنەبەر كە سیمكارت دەفرۆشن بێ تۆماركردنی یاسایی و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەك فرۆشگا دران و داخران و بەدواداچوونی رۆژانەش بەردەوام دەبێت.
راشیگەیاندووە، رێوشوێنی یاسایی توند لە بەرامبەر هەر كەس و فرۆشگا و بریكارێك دەگیرێتەبەر كە سیمكارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەكات بە ناوی كڕیار، سەرپێچیكاریش بەرامبەر هەر سیمكارتێكی دەست بەسەرداگیراو بە بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.