سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازیکرد لە كونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئیران لە هەرێمی كوردستان
کوردسات نیوز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٧٥
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ٣/١١/٢٠٢٤ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ، وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە وەفدێكی كۆماری ئیسلامی ئیران كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەک لە راوێژکاران و دیبلۆماتکارانی ئەو ووڵاتە.
لە دیدارێکی نێوان ھەردوولادا، بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بەگشتی و عیراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکرا.
نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران ڕایگەیاند, كۆماری ئیسلامی ئیران بە بایەخ و گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانتە بارودۆخی سیاسی عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پێناو سەقامگیری سیاسی و ئاشتی و بەرەو پێشچوونی پروسەی سیاسی و گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانی زیاتر و بەھێزترکردنی دیموکراسی لە ناوچەکەدا .
ھەرلەو دیدارەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، وێرای خستنەرووی رەوشی سیاسی، بەتایبەتیش پرسی ململانێیە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکان، تەئکیدی کردەوە کە یەكێتی نیشتمانی كوردستان خوازیاری چارەسەری دیپلۆماسیانەی کێشە سیاسییەکانە لەسەر بنەمای بەند و بڕگەکانی دەستوری هەمیشەیی عیراق لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە و لەیەکتر گەیشتن بە ئاراستەی چارەسەری گونجاو کە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و سەقامگیری بۆ گەلانی عیراق، هاوكات بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ماوەی كاركردنی وەك سەركونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران لە هەرێمی كوردستان هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە سوپاسی بەڕێز نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كرد كە لەماوەی ڕابردوودا وێڕای ئەركە دیبلۆماسییەكانی ڕۆڵیكی گرنگی بینیوە لەبەرەو پێش بردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان ،هیوای سەركەوتنیشی بۆ ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكانی ئایندەی خواست