توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە و هەشت سەربازگەی دیكەی دروستكردووە و ئۆپراسیۆنی نوێش دژی پەكەكە ئەنجام دەدات.


میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر خاكی هەرێمی بەزاندووە و هەشت سەربازگەی نوێی دروستكردووە، كە دەكەونە ناوچەكانی زیلۆك و ئەركیانەوە.


ئەوەشی خستووەتەڕو، بەگوێرەی رێككەوتنە ئەمنییەكانی نێوان توركیا و عیراق، هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان هاوكار دەبن، لە ئۆپراسیۆنەكانی سوپای توركیا دژی پەكەكە و لە دواین سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بڕیاردراوە ئۆپراسیۆنێكی نوێ لە ناوچە سنورییەكان ئەنجام بدرێت.

 
بەپێی میدیاكانی توركیا، سوپای توركیا لە بەعشیقەش سەربازگەیەك دادەمەزرێنێت و تێیدا مەشق و راهێنان بە سەربازانی عیراق دەكات و ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەكانی نێوانیان فراوانتردەكرێت ، بڕیاریشە تاكو كۆتایی ئەمساڵ ناوەندێكی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا دابمەزرێنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە.