ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کاریگەرییەکەی تا رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ سەعاتی داهاتوو رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوام دەبێت، لە نیوەڕۆدا دووبارە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، لە دوای نیوەرۆشدا رێژەی بارانبارین زیاد دەکات بۆ لێزمە بارانی ناوبەناو، پاشان کاریگەرییەکەی تا درەنگانی شەو دەمێنێتەوە.

راشیگەیاند؛ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە دوانیوەڕۆدا لە ناوچە جیاجیاکاندا بارانبارین دەستپێدەکات، لە هەندێک ناوچەی ئیدارەی راپەڕین و باکووری پارێزگای سلێمانی بارانی بەلێزمە دەبارێت و هەورەبروسکە دەبێت. 

ئاماژە بەوەش کراوە؛ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاسمانی ئەم ناوچانە زیاتر نیمچەهەور دەبێت، کاریگەریی بارانبارین لەم ناوچانەدا بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ دەبێت.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ سبەینێ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارین بەگشتی لەسەر ناوچەکانی هەرێم لاواز دەبێت، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، بارانبارین بەشێوەی نمەباران و هەندێ کات هەورەبروسکە دەبێت.