سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە)، دەوڵەت باخچەلی، ئەمڕۆ پێنجشەممە داوایەکی نوێی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و جەختی لەسەر چەکدانان لە رێکەوتێکی دیاریکراودا کردەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکان، باخچەلی رایگەیاند: "رێکخراوی پەکەکە دەبێت رۆژی یەکشەممە چواری ئایاری ئەمساڵ، لە پارێزگای مووش کۆنگرەیەکی تایبەت ببەستێت و بە فەرمی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و چەکەکانی رادەستی دەوڵەتی تورکیا بکات".
سەرۆکی مەهەپە هۆشداری دا کە نابێت بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە دوابخرێت و وتی: "پێویستە پەکەکە دەستبەجێ بڕیار بدات و چەکەکان رادەستی دەوڵەتی تورکیا بکات پێش ئەوەی دەرفەتەکە لەدەست بچێت".
لە بەرامبەردا، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی نزیک لە پارتەکەی کە دوو رۆژ پێش ئێستا 18ـی ئادار بڵاوکرایەوە، پابەندبوونی پەکەکەی بە پەیامی ئۆجەلان دووپات کردەوە.
قەرەیلان رایگەیاند: "ئێمە پابەندین بە پەیامەکەی رێبەرمان، بەڵام پێویستە حکوومەتی تورکیا دەرفەت بە ئۆجەلان بدات تاکو بتوانێت ئامادەی کۆنگرەی پەکەکە بێت".
ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکە هۆشداریشی دا: "ئەگەر تورکیا ئەو کارە نەکات، پرۆسەی چارەسەر بە بنبەست دەگات و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی دۆخێکی مەترسیدار لە ناوچەکە دروست دەبێت".
ئەم بەرەوپێش چونانە دوای ئەوە دێن کە لە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە کە 16ساڵە لە زیندانی ئیمڕالی لە تورکیا زیندانییە، پەیامێکی گرنگیان بڵاوکردەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئەحمەد تورک، سەرۆکی پێشوتری گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتبوو:
* "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی لێ گیرابوو"
* "پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت"
* "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت"
ئۆجەلان هەروەها بەڵێنی دا کە بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان لایەنەکان دەکات.