وەزارەتی دارایی لەبارەی موچەی فەرمانبەران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٣١٧
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ٢٠ی مانگی داهاتوو كۆتا وادەیە بۆ تۆماری بایۆمەتری موچەخۆران و دوای ئەو وادەیە هەر كەسێك تۆماری بایۆمەتری نەبێت موچەكەی لە بەغدادەوە رادەگیرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق كراوە پێویستە هەموو موچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و وارسی شەهیدانەی تائێستا یو پی ئێنیان نییە و خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەكردووە پێویستە تا ٢٠ی ١١ خۆیان تۆمار بكەن.
دەشڵێت، خۆتۆماركردن لە سیستەمی بایۆمەتی هەموو ئەو و مووچەخۆرانەش دەگرێتە كە بەهۆكاری جیاواز لەدەرەوەی وڵاتن، یان لە مۆڵەتی بێ مووچە و خوێندندان.
وتیشی، هەر كەسێك موچەخۆری حكومەتی هەرێم بێت و تا ٢٠ی ١١ كۆدی بایۆمەتری نەبێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە موچەكەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.