هەسەدە شەهیدبوونی ١٢ مەدەنی لە بۆردومانەكانی توركیا راگەیاند
لاڤە
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٩٨
هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوونی ١٢ مەدەنی و برینداربوونی ٢٥ی دیكەی بەهۆی دواین بۆردومانەكانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان راگەیاند.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چەند سەعاتی رابردودا توركیا بۆردومانی بۆ سەر ژێرخانی سەرەكی دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان و شوێنە مەدەنییەكان و ناوەندەكانی هێزی ئاسایش ئەنجامداوە، كە بەهۆیەوە ١٢ مەدەنی شەهیدبوون كە دووانیان منداڵن، هەروەها ٢٥ی كەسی تریش برینداربوون كە برینی هەندێكیان سەختە.
هەسەدە راشیگەیاندووە، سەرباری بۆردوومانكردنی ئەو ناوچانەی مەدەنی تێدایە، وێستگەی كارەبا و بەربەستەكانی هێزی ئاسایشی ناوخۆ كە بەرپرسن لە پاراستنی ناوچەكە بوونەتە ئامانجی فڕۆكە جەنگی و درۆنەكانی توركیا.
دەشڵێت، ئەو بۆردومانانە ئاماژەیەكی روونە بۆ دوژمنكاری توركیا بەرامبەر گەلی رۆژئاوا و بیرخستنەوەیەكی مەترسیدارە بۆ تاوانەكانی ئەو وڵاتە.