توركیا چەندین ناوچەی لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومان كرد
لاڤە
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
١٢٥
توركیا چەندین ناوچەی لە رۆژئاوای كوردستان بۆردوومان كرد، كە بەهۆیەوە چوار كەس شەهید بوون و 15ی دیكەش برینداربوون، مەزڵوم عەبدیش دەڵێت، ئامادەی بۆ بەرگرین.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، توركیا وێستگەی سەعیدەی نەوتی لە ترپەسپی و كارگەی غازی سویدیە و چەندین خاڵی دیكەی نەوتی لە ریفی دیریك و دوو ناوەندی ئاسایشی لە قامیشلۆ و وێستگەی كارەبا لە عامودا و ناوەندی هێزەكانی ئاسایش لە كۆبانێ و چەندین شوێنی دیكەی بۆردومان كردووە. هاوكات تۆپخانەیەكی توركیا شاری تەل رەفعەت و شەهبای تۆپباران كردووە، لەگەڵ چەند ناوچەیەك لە ریفی باكوری مەنبەج.
بەپێی ئەو ئامارانەی خراونەتەڕوو، بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەكانی توركیاوە لەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان، چوار كەس شەهید بوون و زیاتر لە 15 كەسیش برینداربوون، كە سیانیان ئەندامی هێزی ئاسایشی ناوخۆ "ئاسایش"بوون.
لای خۆشیەوە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، ناوچەكە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و بەبێ هیچ پاساوێك لەژێر بۆردومانی توركیادایە.
وتیشی، چەندینجار ئامادەییان بۆ دانوستان دەربڕیوە، هێزەكانیشیان ئامادەن بۆ بەرگریكردن لە گەل و خاك.