وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم لیژنەیەک بۆ وردبینی لە ناوی مامۆستایانی وانەبێژ پێکدەھێنێت
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٤١
وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم لیژنەیەک بۆ وردبینی لە ناوی مامۆستایانی وانەبێژ پێکدەھێنێت، کاری لیژنەکەش دڵنیابوونەوەیە لە ناوی سەرجەم وانەبێژان.
بەپێی راگەیەنراوێک، د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم بڕیاریداوە بە پێکھێنانی لێژنەیەکی باڵا و تایبەت بۆ پێداچونەوە و وردبینیکردنی ناو و سەرەتاکانی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە ناوەکانیان بە نوسراوی زانکۆکان ئاڕاستەی وەزارەت کراوە و رەزامەندی دارایی بۆ بەگرێبەست بوونیان دەرچووە.
باس لەوەشکراوە، کاری لیژنەکە دڵنیابونەوەیە لە ناوی سەرجەم وانەبێژان، بەشێوەیەک بێ جیاوازی و لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا سەرجەم وانەبێژانی سودمەند بگەن بە مافی ئاسایی و یاسایی خۆیان کە ئەویش دەرچوونی فەرمانی بە گرێبەست بونیانە.