نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست رەتیدەکاتەوە دابەشنەکردنی موچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی گرێبەست بەھۆی کێشەی بایۆمەترییەوە بێت و دەڵێت، ھۆکارەکەی نەبوونی پارەی نەختینەیە لە بانکەکاندا.

عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەرچەندە بڕیاربوو مامۆستایانی گرێبەست یەکەم مووچەیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە وەربگرن، بەڵام تائێستا وەریاننەگرتووە.

وتیشی، بەدواداچونیان کردووە بۆ ھۆکاری دابەشنەکردی موچەکە لە وەزارەتی پەروەردە و دارایی و پێیان راگەیاندوون بەھۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشناکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، راگرتنی دروستکردنی بایۆمەتری مامۆستایانی گرێبەست کاتییە و بەھۆی قەرەباڵغی لەو شوێنانە راگیراوە.

وتیشی، لەھەوڵدان بەزوترینکات موچەی مانگی ٩ دابەشبکرێت بۆ مانگەکانی تر لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە موچەکەیان خەرج بکرێت.

بۆ مانگەکانی ٧ و ٨ـی ئەمساڵ وەک شایستەی دارایی وانەبێژان دابەشنەکراوە، لە مانگی ١١ی ئەمساڵ دابەشدەکرێت دوای وەرگرتنی یەکەم موچەی بەگرێبەست کە مانگی ئەیلولە.