سبەینێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆدەبێتەوە
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٧٩
سبەینێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و ئەنجامی ھەڵبژاردن و قۆناغی دوای ھەڵبژاردن تاوتوێدەکات.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە.
وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و قۆناغی دوای ھەڵبژاردن تاوتوێ دەکرێت.
ئەو کۆبوونەوەیەش لەدوای ئەوەدێت کە رۆژی سێشەممە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی کۆبووەوە و دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تاوتوێکرد و رایگەیاند، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و ھاوسەنگی ھێز، نەخشەڕێی سیاسەتی داھاتووی یەکێتی دەبێت، ھەروەھا دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە ھەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، لەئێستاوە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق بکرێت و سەرکەوتنەکانی حزبەکەیان لە پڕۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکوک و لە ھەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتنی گەورەتر لە عیراق پتەو و تۆکمە بکەن.