وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، لە دوو مانگی ڕابردودا زیاتر لە ١٠٥ ھەزار مووچەخۆر بایۆمەتریان کردووە و تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشە ھونەرییەکانی لیستی مووچە چارەسەر دەکرێن.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی، لەنێوان ٢٠٢٤/٨/٢٥ تا ٢٠٢٤/١٠/١٨، زیاتر لە ١٠٥ ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر خۆیان لە پرۆسەی بایۆمەتری تۆمار کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ژمارەیە زیاتر لە ٣٥ ھەزار کەسیان خانەنشینن و زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەسیان خاوەن پێداویستی تایبەتن و زیاتر لە حەوت هەزار کەسیان فەرمانبەرن، ھەروەھا نزیکەی  شەش ھەزار کەسیان وارسی شەھیدانن، نزیکەی  ٣٥ ھەزار کەسیش ئەو موچەخۆران بوون کە بارکۆدیان ھەبوو، بەڵام کێشەی بایۆمەتریان ھەبوو. 

 وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەو موچەخۆرانەی کێشەی بایۆمەتریان ھەبوو لە تێبینیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە لیستی موچە کێشەکانیان ھونەرییە نەک یاسایی، کە ژمارەیان نزیکەی ١٤٠ ھەزار موچەخۆرە و لە ئێستادا لە  ٧٥ ٪ کێشەکانی بایۆمەتری و لیستی موچە چارەسەر بووە، تا کۆتایی ساڵ سەرجەم کێشە ھونەریەکانی لیستی موچە چارەسەر دەکرێن.