مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تاوتوێکرد و رایگەیاند، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دروستکردنی ھاوسەنگی ھێز، نەخشەڕێی سیاسەتی داھاتووی یەکێتیی دەبێت لە ‏پرۆسەی سیاسی و سیستمی حکومڕانی.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال ‏تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە بارەگای نوێی مەکتەبی سیاسی کۆبووە و پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ھەڤاڵانی یەکێتی و کاندیدەکان و جەماوەری وەفاداری حزبی ‏شەھیدان کرد کە سەروەری گەورەیان لە دوو ھێندەکردنی دەنگەکانی یەکێتی تۆمار کرد و ‏بە کەمپینی پڕ جۆش و خرۆشیان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ توانییان پەیامی ‏راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دروستکردنی ھاوسەنگی ھێز بەرجەستە بکەن.

دەشڵێت، ھەر ئەم پەیامە ‏نەخشەڕێی سیاسەتی داھاتووی یەکێتیی دەبێت لە نوێکردنەوەی دیموکراتییانە و دادپەروەرانەی ‏پرۆسەی سیاسی و سیستمی حکومڕانی لە سەرجەم بوارەکان کە ھەمووشیان لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکەکەمان دەبێت.

مەکتەبی سیاسی دوای ھەڵسەنگاندنی ھەمەلایەنەی پرۆسەی ھەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەکان، دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە ھەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، ‏لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق بکرێت و سەرکەوتنەکانی  حزبەکەیان لە پرۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکوک و لە ھەرێمی کوردستان، بە ‏سەرکەوتنی گەورەتر لە عیراق پتەو و تۆکمە بکەن