ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان دەکەن
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٣٢
ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داوادەکەن، بە زووترین کات کابینەی ١٠ـیەمی حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت.
پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، یەکێتی ئەوروپا لە دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام پشتیوانی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە و ئێستاش، کە پرۆسەکە ئەنجامدراوە پێشوازی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ھەڵبژاردن رێگەیەکی گرنگە بۆ دەستبەرکردنی خواست و پێداویستییەکانی ھاوڵاتییان، داواشی لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کرد، بە ھەماھەنگی و کاری پێکەویی، کابینەی ١٠ـیەمی حکومەتی ھەرێم پێکبھێنن، کە یەکگرتوویی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و عیراق بپارێزێت.
ھاوکات، ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشوازی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داواکاریش لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بە زوویی کاربکەن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم.