دادگای فیدڕاڵی لەسەر چوار سکاڵای تایبەت بە ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
کەژان
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
٢٬٣٤٥
دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، تیایدا داواکراوە دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
سکاڵای سێیەمیش لەسەر نادەستووری و ھەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ٤٢ی ساڵی ٢٠٠٤ ی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکرێت.
سکاڵاکەی دیکەش تایبەتە بە ماددەی دوو لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم و داواکراوە دادگای فیدڕاڵی ئەو ماددەیە بە تەواوەتی ھەڵبوەشێنێتەوە.