عێراق و ھەرێم و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە
کوردسات نیوز
٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
١٬٩٢٩
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی (عێراق ئۆیڵ ریپۆرت)، لەچند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان کۆمپانیای نیتشتیمانی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای بۆتاشی تورکیا، لە تورکیا و ھەولێر ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە تەکنیکی و بازرگانییەکانی پەیوەست بەدەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت.
چوار بەرپرسی ئاگادار لەو کۆبوونەوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆبوونەوەکان ئاماژەن بۆ پێشکەوتن لەدۆسیەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەڵام ھێشتا رەزامەندی سیاسی لەو بارەیەوە دڵنیا نەکراوەتەوە.
بەوتەی بەرپرسەکان، گفتوگۆکانی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکان بریتی بوون لە کرێی بۆرییەکان، کوالیتی و بڕی ھەناردەکردنی نەوت، دووبارە ھەناردەکردنی نەوت و پابەندبوونەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە.
نزیکەی شەش مانگە ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای یەکلاکردنەوەی سکاڵای تایبەت بە نادەستوری بوونی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لەلایەن تورکیاوە بەبێ رەزامەندی عێراق لەلایەن دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە.