وتەبێژی حکومەتی ھەرێم: نەدەبوو بابەتی مووچە تێکەڵی ھیچ بابەتێکی دیکە بکرێت
کوردسات نیوز
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
٣٬١٤٧
پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە رایگەیاند،"٩٠٦ ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبوو حکومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی ھیچ بابەتێکی دیکە بکات، دەبوو وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ئێستا مووچەی مانگی ئەیلوول وەردەگرن، مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەوانیش مووچەکانیان وەرگرتایە نەوەک لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە".
لەبارەی ئەو ٥٠٠ ملیار دینارەی کە بۆ سێ مانگ بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردووە، ھەروەھا نەشیانوتوە بۆ ئەو چەند مانگە ھەقی ھەرێمی کوردستان چەند بووە".
راشیگەیاند، لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھاووڵاتییان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئامادەیە و لەبارەی نەوت و داھاتی ناوخۆشەوە وردەکاریی تەواوی داوەتە حکومەتی فیدراڵی، ھیواخوازن بە ھەرجۆرێک بێت، پێداچوونەوە بەو ژمارانە بکرێت کە باس دەکرێن و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەش بکرێت کە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەدرێن و ورووژاندنی ھەر پرسیارێکی دیکەش کات کوشتنە.