لیژنەکەی سودانی: ھەرێم زیاتر لە شایستەی خۆی وەرگرتووە و پابەندی یاسای بودجە نەبووە
کوردسات نیوز
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
١٬٧٤٩
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەی سەرۆک وەزیران جەختی لە قسەکانی وەزیری دارایی کردووەتەوە کە ھەرێم زیاتر لە شایستەی خۆی وەرگرتووە و پابەندی یاسای بودجە نەبووە.
لیژنەکە لە شەش ئەندام پێکھاتووە و رۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێکھێنرا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ماددەکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان.
رۆژی شەممەی رابردوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەیدا لەلایەن لیژنەی داراییەوە رایگەیاندبوو، ھەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لەپشکی خۆی وەرگرتووە و بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵیش ترلیۆنێک و ٥٠٠ ملیار دیناری پێدەدرێت.