دەقی ڕوونکردنەوەکە...

‏‎‏‎ھەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، شایستەی (١٦) ترلیۆن و (٤۹۸) ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە (۱)ترلیۆن و (۳۷٥)ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (۹٠٦) ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە. بەڵام لە ٢٠٢٣/١/١ تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنھا بڕی (٢) ترلیۆن و (٥٩٨) ملیار دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە (٤٠٠ ) ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی ھەشتی ساڵی ٢٠٢٣ بڕی (١١) ترلیۆن تەرخانکراوی ھەرێمی کوردستانە.

‏‎‏‎لە ٢٠٢٣/١/١ مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە پێی ژمارەکانی ھاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنھا بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە ھیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز
‏‎‏‎ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵکوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە.

‏‎دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، (٥٠٠ )ملیار دینارە بە شێوازی قەرز. ئەوان دەڵێن داھاتی ئێمە بریتییە لە (٣٢٠) ملیار دینار،ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە ھێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی ھەرێم کە دەکاتە (۱) ترلیۆن و (۳۷٥)ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا ھاتووە.

‏‎‏‎لەبارەی داھاتی نەوت، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە ٢٥\٦\٢٠٢٣ تا ئێستا ڕۆژانە تێکڕا بڕی ٨٥ ھەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی و حکومەتی ھەرێم ئامادەش بووە ھەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکاندایە، لە بەرانبەردا حکومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووەو یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرھێنان و بەرھەمھێنان
‏‎‏‎و گواستنەوەی نەوتەکە.
‏‎‏‎
‏‎لەبارەی داھاتی نانەوتی ھەرێمی کوردستانیش ھەر لە سەرەتاوە شەفافانە ھەموو داتا و ژمارەکان خراونەتە بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داھاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی تەسلیم بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان ھەیە بۆ داھاتە نانەوتییەکان و ھەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە کە ھەرێم ھەیەتی لەناوشایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە.
‏‎‏‎
‏‎‏‎لەکۆتاییدا ڕایدەگەینین ھیچ ھۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ ھیچ تێکەڵکردنێک ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی وتەبێژ، مووچەخۆرانی ھەرێم  نەک سێ ھێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە. حکومەتی ھەرێم، ھەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام ھەمیشە بەبیانوویێک مافی ھەرێم پێشێل دەکرێت و بەرێز وتەبێژ لەکۆتایی قسەکانی دەڵێت"باشترین ڕێگا چارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوورو ڕێککەوتنەکانە"،ئێمەش لەمەدا ھاوڕاین لەگەلتان بەڵام دەشپرسین،کێ دەستوورو یاساکانی پێشێلکردووە؟کێ رێکەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟