بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە کراوە، کۆمیسیۆن ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان تاکو رۆژی ٢٠ی ئەیلول درێژکرەوە.

ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەڵێت، ئامانج لە درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، دەرفەتدانی زیاترە بە ھاووڵاتییان بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدانەکانیان یاخود دەرھێنانی کارتی بایۆمەتری بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی یەکەمجارە بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٦٤١ ھەزار و ٥٦٦ ھاووڵاتی مافی دەنگدانی ھەیە و لەو ژمارەیەش تائێستا ٢١٤ ھەزار و ١٤٩ ھاووڵاتی تۆماری دەنگدانەکانیان نوێکردووەتەوە، ھەروەھا نزیکەی ٢٧ ھەزار ھاووڵاتی کە لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن بۆ یەکەمجار ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردەوە.