زانکۆلاین بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی کارا دەکرێت
کوردسات نیوز
٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
٨٣٤
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت "لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی)، تا ڕۆژی ١٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٣، واتە بۆ ماوەی ھەشت ڕۆژ کارا دەبێت، بەوەش دەرچوان لەو ماوەیەدا دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە و پێشکەشی بکەن، ھەروەک دەرچووان دەبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (Username)و (Password).
بۆ بەرچاوڕونی زیاتری دەرچووانی پۆلی دوانزە و ئاشنابوونیان بە سیستمەکانی وەرگرتن (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، ھەروەھا دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتیی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بە سیستمە جیاوازەکانیەوە، ئەمەش دەرەفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچووان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشکەش بکەن، ئاگاداری وردەکارییەکانی سیستمەکە بن و ھەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنھا بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەھەر ھەڵەیەک لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، ھەروەھا پێویستیشە دەرچوانی پۆلی دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
سەبارەت بە دەرچووانی ئامادەیی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرای دەکات: دوای دوو ڕۆژی تر سیستمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت، ھاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت دەرچووانی ساڵانی (٢٠١٥) تا (٢٠٢٢) ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان ھەیە بۆ سیستەمەکانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەوا بە ھەمان ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمانەی کە پێشتر وەریان گرتوە دەتوانن فۆرم پێشکەش بکەن، ئەگەر ھەر دەرچووەکیش یوزەرنەیم و پاسوۆردی لەلا نەماوە ئەوا دەتوانێت سەردانی خوێندنگەکەی خۆی بکات بەمەبەستی دوبارە وەرگرتنەوەی، وە سەبارەت بە دەرچووانی پێش ساڵی ٢٠١٥ ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان ھەیە بۆ خوێندنی ئێواران ئەوا پێویستە بڕوانامەکانییان بە پەسەندکراوی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانییان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و ھەر لەوێش یوزەرنەیم و پاسوۆردیان پێ دەدرێت.