دەقی راگەیاندراوەکەی مەڵبەندی ٦ی سۆرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

راگەیەندراوێک لە مەڵبەندی ٦ی سۆرانەوە بە بۆنەی (٢٧) ەمین ساڵەی خیانەتی گەورەی ٣١ی ئاب


٣١ی ئاب گەورەترین خیانەتی مێژووییە لە خەباتی سیاسیی و حکومڕانیی نوێی کوردو کوردستاندا… 

بیست و حەوت ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ولە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ لایەنێکی سیاسی کوردستان، گەورەترین خیانەتی مێژوویی لە دیرۆکی خەباتی سیاسی و حکومڕانی نوێدا ئەنجامدا، دژ بە گەلی کوردو بەرەی نەتەوەیی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لەو رۆژەدا پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ سەرسەخترین دوژمنی کورد کردو ھێزەکانی رژێمی دیکتاتۆریی بەعسی فاشییان ھێنایەوە خاکی کوردستان و یەکەمین ئەزموونی نوێی سیاسیی و حوکمرانیی کوردەواریی، کە بە خوێنی ھەزاران رۆڵەی شەھیدی قارەمانی رێگای رزگاریی و ئازادیی نیشتمان بونیاد نرابوو، خستەوە ژێر پۆستاڵی بەعسییەکان و ھەولێری پایتەختییان داگیرکردو ئاڵای عێراقی رژێمی سەدامی دیکتاتۆریان لەسەر باڵەخانەی پارلەمانی کوردستان ھەڵکرد.
خیانەتی (٣١ی ئاب) کە درێژکراوەی خیانەتە بەردەوامەکانی پارتی بوو، لە تۆماری دەفتەری مێژووی شۆڕشەکانی کوردو تێکۆشانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و خەباتی راستەقینەی رەوای گەلی کوردستاندا، وەک کارەساتێکی گەورەی نیشتمانیی و مێژوویی بۆ ھەتا ھەتایە باسی لێوە دەکرێت و بۆتە پەڵەیەکی رەشیش بە تەوێڵی بکەرانییەوە، بۆیە ئەو خیانەتە گەورەیە بۆ ھەمیشە لە بیرەوەریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی رێگای رزگاری کوردایەتی،وەک زەبرێکی دەروونیی تاڵ و کارەساتێکی سیاسییی و نیشتمانیی لە یاد نەکراو دەمێنێتەوەو لە بیری نەوەکانیشمان  ناچێتەوە.
 لەو یادو بۆنە کارەساتبارەدا، سەری رێزو وەفاداری خۆمان لە ئاست گیانفیدایی پارێزەرانی خاک و وڵات و تەواوی شەھیدان و ھاووڵاتیان و کادیران و فەرماندەو پێشمەرگە بێ سەرو شوێنکراوەکانی ئەوێ رۆژێی بەرگری لە خاکی نیشتمان و ھەولێری پایتەختی کوردستان دادەنوێنین، شکۆمەندی بۆ تێکۆشەران و رێبوارانی رێگای خەباتی راستەقینەی کوردایەتی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، شەرمەزاریی و سەر شۆڕیی بۆ بکەران و خۆفرۆشان و داگیرکەرانی کوردستان.
 ھەر شەکاوە بێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان

 مــــەڵـــبــەنــدی ٦ی ســـــۆران 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ..
٣١ی ئابی ٢٠٢٣