بڕیارە ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ نەوەی نوێ كۆببێتەوە، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت، دوای كۆبوونەوەی پەرلەمان یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە.
سەردانی وەفدی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەكان بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆش وەفدەكە بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی لەگەڵ نەوەی نوێ كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم.
هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاندووە، كۆبوونەوەی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەیە هەڵوێستییان لەسەر پێكهێنان و بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو بزانرێت. راشیگەیاندووە، دوای كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتیش ئەنجامدەدرێت.
تائێستا وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ، لەگەڵ هەریەك لە كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆران كۆبووەتەوە.