وەزارەتی پلاندانانی هەرێم رایدەگەیەنێت، قۆناغی دووەمی پرۆسەی سەرژمێری گشتی سەرەڕای چەندین كێشە و گرفتی تەكنیكی و مەیدانی بە سەركەوتوویی جێبەجێكراوە.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرەرای بوونی دەیان ئاستەنگی تەكنیكی و كێشەی مەیدانی توانراوە لەماوەی ١٤ رۆژدا قۆناغی دووەمی پرۆسەی سەرژمێری گشتی بە سەركەوتووانە جێبەجێبكرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەماوەی سێ رۆژی قۆناغی دووەمی پرۆسەكەدا، زیاتر لە ١٠٠ هەزار پەیوەندی تەلەفۆنی كراوە بۆ سەنتەری پەیوەندییەكان لە ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێم و توانراوە وەڵامی زۆرینەی پەیوەندییەكان بدرێتەوە و كاریان لەسەربكرێت.
هاوكات، وەزارەتی پلاندانانی هەرێم داوا لە دانیشتوانی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ دەكات، بەشداری قۆناغی سێیەمی پرۆسەی سەرژمێری گشتی بكەن، كە پڕكردنەوەی فۆڕمی سەرژمێرییە و دواتر سودی لێ وەردەگیرێت بۆ دیاریكردنی بارودۆخی ئابووری، كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و تەندروستی و دیموگرافی و بوارەكانی تر.