دەقی راگەیەندراوەکە :

جەماوەری خۆشەویستی کوردستان

حزب و لایەنە سیاسیەکان

وا جارێکی دیکە و لە درێژەی سیاسەتە شەڕنگێزەکانی سێ دەیەی ڕابردوویاندا، دیسان چەکدارانی پەکەکە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرانی گومانباری قەندیل، دەستیان چووە خوێنی پێشمەرگەی کوردستان و  لەھێرشێکی لەناکاودا لە چیای مەتینی ناو خاکی ھەرێمی کوردستان پەلاماری ھێزێکی پێشمەرگەیان دا، لە ئەنجامی ئەو پەلامارەدا پێنج پێشمەرگە شەھید و حەفتی دیکەش بریندار بوون.

خەڵکی ئازیزی کوردستان..
ئێمە بە حوکمی تەجرەبەی زۆرمان لەگەڵ پەکەکە و سەرانیان، باش لە مەبەست و مەرامەکانی پەکەکە تێدەگەین و ئەوەشمان زۆر جاران بە راشکاوی پێڕاگەیاندوون کە ئەوەی چەکدارەکانیان ساڵانیکە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن، تەنیا لە بەرژەوەندیی نەیارانی گەلی کوردستان و ئەو لایەنانەیە کە نەک خۆشیان بۆ خەڵکی کوردستان ناوێت، بگرە لە دووی فورسەتێکن بۆ لەنیوبردنی، کەچی بەداخەوە، سەرانی پەکەکە، بە پێچەوانەی چاوەروانیی خەڵکی کوردستان و بانگەشەکانی خۆیانەوە ئەمڕۆ، نەک ھەر ڕەچاوی ھەلومەرجی ھەستیاری ھەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵکەکەی ناکەن، بەڵکو بوونەتە جێبەجێکاری ئەجیندا‌ی دەرەکی و بیانوویەکی حازربەدەست بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی تا ھەر کاتێک و لە ھەر جێیەک بیانەوێت سنوورەکان و سەروەری ھەرێمی کوردستان ببەزێنن و فشارێکی ناوەختەی زۆر بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی باش دەرک بەوە دەکەن کە ھەر زەبرێک بەر  ھەرێمی کوردستان بکەوێت، دەبێتە کارەساتێکی گەورە بۆ تێکڕای کوردستانیان و کورد لە ھەر کوێیەک بن.

جیا لە شەڕفرۆشتنی بەردەوام و ڕاکێشانی سوپای دەرەوە و گێچەڵەکانیان بە ھەرێمی کوردستان، سەران و چەکدارانی پەکەکە لەو رۆژەوەی ھەڵاتوون و ھاتوونەتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە، لە جیاتی ئەوەی وەک پەنابەر و میوان ھەڵسوکەوت بکەن، نەک وەک خانەخوێش بگرە وەک داگیرکەر مامەڵە لەتەک گوندنشینان و  جووتیارانی کوردستاندا دەکەن، منداڵانی کوردستان دەڕفێنن و مەشقی سەربازیان پێدەکەن و چەکداریان دەکەن. بەدرێژایی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە خانەقینەوە تا شنگال، پەکەکە، دۆست و ھاوپەیمانی ئەو ھێز و تاقم و میلیشیایانەیە کە دژایەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ناوەناوە ھەولێر مووشەکباران دەکەن..ھەر بە ھاوکاریی ئەوانیش، بوونەتە ڕێگری یەکەم و ھەرە گەورەی بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و ئاوادەنکردنەوەی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی خەڵکە ماڵوێرانەکەی بۆ زێد و سەر ماڵوموڵکی خۆیان.
پاش راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، گوندنشینە راگوێزراوەکان بە دەستی رژێمی بەعس، بە حەماسەت و چاو لە داھاتوەیەکی گەش، گەڕانەوە گوندەکانی خۆیان، بەڵام پەکەکە بووە ھۆی دووبارە دەربەدەربوونەوەی گوندنشینانی سەدان گوندی ناوچە سنوورییەکان. پەکەکە، ھەر بەوەندەوە نەوەستاوە کە بەناھەق باج و سەرانە لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت، بەڵکو بە بەرنامە،‌ ھەوڵی تێکدانی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان دەدات.
لە ساڵی ٢٠١٤، کاتێ داعش پەلاماری کوردستانی دا، پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان بەرەو بەرەکانی شەڕی دژی داعش چوون، پەکەکەش ئەو بارودۆخەی قۆستەوە، بەرە بەرە چووە ناو گوندەکان، کاتێک پێشمەرگە بەسەر داعشدا سەرکەوت و فشار و مەترسیی داعشی تا ئاستێکی بەرچاو لە کوردستان دوورخستەوە، گەڕایەوە شوێنەکانی خۆی لە ناوچە سنوورییەکان، کەچی پەکەکە خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێ، پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانیش بە بێگانە! بۆیە زووزوو  ڕووقایمانە ڕایدەگەنێت کە نابێت پێشمەرگە بچنە ئەو ناوچانەی ئەوان ڕۆژگاری سەرقاڵی پێشمەرگە بە شەڕی داعشەوە داگیریان کردوون.

پەکەکە ھیچ کاتێک ڕێزی لە سەروەریی ھەرێمی کوردستان نەگرتووە و ئیعتباری بۆ حکوومەتی ھەرێم کوردستان و دامەزراوەکانی دانەناوە و ھیچ حسێبێکی بۆ یاساکان نەکردووە، بە پێچەوانەوە دانبەخۆداگرتنی حکوومەتی ھەرێم و دامەزراوەکانی بە خراپترین شێوە قۆستۆتەوە. پەکەکە بە مەبەست و دەستی ئەنقەست شەڕی لەگەڵ تورکیا گواستۆتەوە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان و بەپیلانێکی دانراو شەڕ دەکات و ناوچەکان بۆ سوپای تورکیا بەجێ دەھێڵێت، تا خاکەکەمان بە داگیرکردن بدات و فشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان زێدەتر بکات.
ئەو دەستدرێژییەی دوێنێی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە، دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی خاک و سەروەریی و خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ھەر بۆیە لەسەر ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان پێویستە دەکات، بە یەکدەنگی و یەکھەڵوێستی، رووبەڕووی ئەو پیلانە گەورەیە ببنەوە کە سەرانی پەکەکە جێبەجێکارین. ھاوکات لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی عێراقیش پێویستە رۆڵ و ئەرکی خۆی بگێڕێت.
سەروەری بۆ شەھیدان و، بەرز و پارێزراوبێ ئەزموونی ھەرێمی کوردستان...