پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ھێزێکی پێشمەرگە بە چەکی قورس لە بناری چیای مەتینا لە سنوری ئامێدی جێگیرکراون، بە مەبەستی ئەوەی لە بەرزاییەکانی مەتینا بنکەی سەربازیی دابمەزرێنن، بەرەو چیاکە ڕۆیشتوون و لە ڕووداوێکدا پێنج پێشمەرگە شەھیدبوون و چەند پێشمەرگەیەکی تریش برینداربوون و بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک کراون.


وتیشی، ھەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن ئەو پێشەمەرگانە بەھۆی بۆردومانی تورکیا شەھیدبوون و ھەندێک زانیاریی تریش ئاماژە بەوە دەکەن کە ھۆکاری شەھیدبوونی ئەو پێشمەرگانە تەقینەوەی بۆمب بووە.


ھاوکات ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی ھێزەکانی پاراستنی گەل "ھەپەگە"ش ڕایگەیاندووە، ھێزێکی سوپای عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵی ئەوەیان داوە ھێرش بکەنە سەر کەمپێکی گەریلا، بەڵام ھێزەکانی ھەپەگە و یەژاستار بۆ ئەوەی ئەو ھێزانە زیاتر بەرەو پێش نەڕۆن گولـلەی ھۆشیارکردنەوەیان تەقاندووە.


لەلایەکی تریشەوە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھێزێکی پێشمەرگە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی ‏لە چیای مەتینی قەزای ئامێدی، بە مەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و ‏گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، لەلایەن ھێزێکی (پ.ک.ک)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا ‏پێنج پێشمەرگە شەھید بوون دوو پێشمەرگەی تریش برینداربوون.