بایدن و پوتن پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

12/02/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی روسیا لەبارەی دۆسێی ئۆکراینەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکانی ئەمریکا و فەڕەنسا و بیلاڕوس قەیرانی ئۆکراینی تاوتوێ کرد و رەتیکردەوە نیازی داگیرکردنی ئۆکراینی ھەبێت.

کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا لەبارەی دۆسێی ئۆکرانیا گفتوگۆیان کردووە، گفتوگۆکەش لەسەر داوای ئەمریکا بووە.


ھاوکات کۆشکی کرملین رایگەیاند، پوتن بە تەلەفۆن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا قسەی کردووە و بە ماکرۆنی وتووە، تۆمەتبارکردنی روسیا بە پلاندانان بۆ داگیرکردنی ئۆکراین پێشبینییەکی ئیستیفزازییە.


ھاوکات سەرچاوەکان لە فەرەنساوە ئاماژەیان بەوەکرد، ماکرۆن بە پوتنی وتوە لە حاڵەتی ھێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکراین، رووبەرووی سزای توند دەبێتەوە.


 بەپێی راگەیەندراوی کرملین پوتن و سەرۆکی بێلاروسیش گفتوگۆیان کردووە و تاوتوێی وەڵامی ناتۆ و واشنتۆنیان لەبارەی گەرەنتییە ئەمنییەکان کردووە.


ھەر ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا گفتوگۆیان کرد و بلینکن بە لاڤرۆڤی راگەیاند، ھێشتا دەرگای گفتوگۆ کراوەیە.