لە ھەولێر کرێی پاسی ناوشار بۆ ٧٥٠ دینار زیاد کرا

03/02/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، لە شاری ھەولێر کڕێی پاسی ناوشار بەرزکرایەوە بۆ ٧٥٠ دینار، بۆ چارەسەری کێشەکەش وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، ھەفتەی داھاتوو بڕیاری پێویست لە بەرژەوەندی گشتی دەدرێت.

"دیلان ڕەشاد" وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە ناوچەیەکی شاری ھەولێر شۆفێری پاسەکان بەھۆی گرانی نرخی بەنزین و گاز، ھەستاون بە بەرزکردنەوەی نرخی کرێی پاس لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ ٧٥٠ دینار.

وتیشی، وەزیری گواستنەوە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەری گواستنەوەی ھەولێر و نوێنەری شۆفێران گفتوگۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کردووە و سەرەتای ھەفتەی داھاتووش بەدواداچوونی زیاتر بۆ گرفتەکە دەکرێت و بڕیاری پێویست لە بەرژەوەندی شۆفێران و ھاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەدرێت.