دیارترین سودەکانی خواردنەوەی قاوە

29/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی جیھان لە بەیانیان و بە تایبەتیش لە وەرزی زستاندا بایەخ بە خواردنەوەی قاوە دەدەن، بەو پێیەی سودێکی گەورەی ھەیە بۆ تەندروستی و ھۆشیارکردنەوەی مرۆڤ.

ماڵپەڕی (ھێڵس لاین) تایبەت بە بواری تەندروستی ئاماژەی بە چەند سودێکی گرنگی خواردنەوەی قاوە کردووە لە دیارترینیان:

بەرزکردنەوەی ئاستی وزە: قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی دەوڵەمەندە بە مادەی کافایین، کە ھاوکارییەکی باشی مرۆڤ دەکات بۆ بەرگەگرتنی ھیلاکی و زیادکردنی ئاستی وزەی لەش.

کەمکردنەوەی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە: خواردنەوەی کوپێک قاوە لە ڕۆژێکدا، کاریگەریی بەرچاوی ھەیە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە جۆری دووەم.

پارێزگاری لە تەندروستی ژیری: توێژینەوەکان دەریانخستووە قاوە پارێزگاری دەکات لە تەندروستی مێشک و پارێزگاری کەسەکان لە دووچاربوون بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە و پارکینسن و شڵەژانی دەروونی.

کەمکردنەوەی کێش: قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی کاریگەریی ھەیە لەسەر سوتاندنی چەوری  لە جەستەدا، پارێزگاریکردن لە تەندروستی گەدە، ئەوەش ھاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کێش و پاراستنی لە ئاستێکی گونجاودا.

کەمکردنەوەی ئاستی دوودڵی: توێژینەوەکان سەلماندوویانە خواردنەوەی قاوە کاریگەریی ھەیە لەسەر کەمکردنەوەی دوودڵی و ڕاڕایی و خەمۆکی، ئەو کەسانەی ڕۆژانە قاوە دەخۆنەوە چووست و چالاکترن لە ڕووی جەستەییەوە.

 پارێزگاریکردن لە تەندروستی جگەر: بە خواردنەوەی قاوە دەتوانین پارێزگاری بکەین لە تەندروستی جگەر و خۆ بە دوور گرتن لەو نەخۆشیانەی دووچاری جگەر دەبن، بە تایبەتی چەوری جگەر و بە مۆمبوونی جگەر.

پارێزگاریکردن لە تەندروستی دڵ: خواردنەوەی قاوە بە بڕی پێویست مەترسی دووچاربوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و دڵ کەمدەکاتەوە.

سەرجەم توێژینەوەکانی ئەو بوارە جەخت لەوە دەکەنەوە، سەرەڕای ئەو ھەموو سودە زۆرانەی کە قاوە ھەیەتی بۆ جەستەی مرۆڤ، بەڵام دەبێت خواردنەوەی بە پێی پێویست بێت و زیادەڕەوی تێدا نەکرێت.