لە بەندیخانەی سەناعە ٦٠ بۆ ٩٠ تیرۆریستی داعش خۆیان ڕادەست ناکەن

27/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڕەوشی شاری حەسەکە لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا دوای کۆنترۆڵکردنەوەی بەندیخانەی سەناعە ھێوربووەتەوە، بەڵام ٦٠ بۆ ٩٠ تیرۆریستی داعش لە بەندیخانەکەدا خۆیان ڕادەست ناکەن.

ھێزەکانی سوریای دیموکرات - ھەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنی گەڕان و پشکنینیان لەناو بەندیخانەکەدا دەستپێکردووە و ئاشکرابوو کە ٦٠ بۆ ٩٠ تیرۆریست خۆیان لە ژووری تاکەکەسیی حەشارداوە و ھێزەکانی ھەسەدە داوایان لێدەکەن خۆیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر وەڵامی بانگەوازەکەیان نەدرایەوە ھێزەکانیان بە گوێرەی پێویست ھەڵسوکەوت دەکەن.

ئاژانسەکانی ھەواڵی لە باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا بڵاویان کردەوە، گەڕەکەکانی باشوری حەسەکە ھێور بووەتەوە، بەڵام جار بە جار دەنگی تەقە ئەو ھێورییە دەشێوێت.

ڕاشیانگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ پێکدادان لە نێوان ھەسەدە و شانە چەکدارییەکانی داعش لە گەڕەکەکانی زھور و ڤێلاسورەکان ڕوویداوە.

ھاوکات ئەمڕۆ وەفدێکی سوید سەردانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریای کرد و ژمارەیەک لە کەسوکاری تیرۆرستانی داعش ڕادەستی وەفدەکەی سوید کران.