ئاماری کوژراوانی کۆنترۆڵکردنەوەی زیندانەکەی حەسەکە راگەیەندرا

27/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز



ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیندانەکەی حەسەکە رایگەیاند، داعش کێشەیەکی جیھانییە و دەبێت چارەسەری بەردەوامی بۆ بدۆزرێتەوە  و روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری کوژراوانی لە ئەنجامی کۆنترۆڵکردنەوەی زیندانەکە ئاشکرا دەکات.


ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیندانی سەناعە لە گەڕەکی غوێرانی حەسەکە رایگەیاند، بەردەوام پشتیوانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات"ھەسەدە"یان کردوە، کە لە حەسەکە ئازایانە و بە بڕیار و پێداگرییەوە شەڕی یەکلاکەرەوەیان لەگەڵ داعش کرد.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، داعش بە تەنیا کێشەی حەسەکە نییە، بەڵکو ئەوە کێشەیەکی جیھانییە و دەبێت لەسەر ئاستی وڵاتانی جیھان چارەسەرێکی بەردەوام و ھەمیشەیی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.


 ھاوکات روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە ئەنجامی کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیندانەکە ٢١١ کەس کوژراون، لە ئێستاشدا ھێزەکانی "ھەسەدە" بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ٤٠ تیرۆریستی داعشدا کە لە دەورووبەری زیندانەکە خۆیان حەشارداوە.