بەفر بارین ئاستەنگی ھاتوچۆ بۆ شۆفێران و ھاوڵاتیان دروست دەکات

20/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

شەپۆلی بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە ئاستەنگی ھاتووچۆ بۆ شۆفێران و ھاوڵاتیان دروست بووە و ھاتووچۆی ھەولێریش رایدەگەیەنێت بەشێکی زۆر رێگاکانی ھەولێر بۆ ناوچەکانی تر داخراون و لیژنەی فریاگوزاری سلێمانیش دەڵێت، تیمەکانی شارەوانی و ڕێگاوبان لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان.

بەھۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، ئاستەنگی ھاتووچۆ بۆ شۆفێران و ھاووڵاتیان دروستبووە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش تا درەنگانێکی ئەمشەو شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت.


شەپۆلێکی بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، لە ھەندێک شوێن بارینی بەفر نزیکەی مەترێک باریووە، بەرێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا درەنگانی ئەمشەو شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت .


ھاوکات لیژنەی فریاگوزاری سلێمانیش جەختدەکاتەوە، بەھۆی زۆر بوونی بەفربارین ئەگەرەکانی رووداوی ھاتووچۆش زیاترە و ‎تیمەکانی شارەوانی و ڕێگاوبان لە ئێستادا لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان، بەڵام بەھۆی زۆری بەفرەکەوە مەترسی زۆر بۆ مانۆڕی شۆفێریکردن دروستبووە لە سەنتەری شار و دەرەوەی شارەکان.


ھەروەھا بەرێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێریش رایگەیاند، بەھۆی نالەباری کەش وھەواو دابارینی بەفرەوە، رێگەکانی ھەولێر - شەقڵاوە و ھەولێر - کۆیە و شەقڵاوە - ھیران و دەربەندی گۆمەسپان بۆسەرچیای سەفین و کەپکی گەرۆتە و کۆیە ھەیبەت سوڵتان و کۆیە کلکە سماق بۆ کاری پێویستیتش بەکار نەھێنرێت.


ھاوکات شارەوانی خاڵخاڵانیش داوادەکات رێگەی کۆمەڵگەی خاڵخاڵان - کەرکوک بەکار نەھێنرێت، لە ئێستاشدا تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگاکەن.