سەدر: ھێرشەکردنە سەر بارەگا حزبییەکان پێچەوانەی شەرع و یاسایە

19/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

موقتەدا سەدر، ڕێبەڕی ڕەوتی سەدر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای ئاشکراکردنی ئەنجامدەری ھێرشی سەر بارەگا حزبییەکان دەکات.

سەدر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، توندوتیژی و ھێرشەکردنە سەر بارەگا حزبییەکان پێچەوانەی شەرع و ژیری و یاسایە و ئەو کەسانەی عێراقییەکان بە ئامانج دەگرن ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکەن، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەت ڕێوشوێنی ئەمنیی بگرێتە بەر و پەلە بکات لە ئاشکراکردنی  ئەنجامدەری ھێرشەکان.


ڕێبەڕی ڕەوتی سەدر باسی لەوەش کردووە، ئەگەر لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ڕابردوو سەرکەوتوو نەبوونایە و بێبەش بکرانایە لە پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەش پەنایان بۆ توندوتیژی نەدەبرد و وتیشی، قسەکانیان لە ترس و لاوازییەوە نییە و ھەموان دەزانن ئەوان کێن، بەڵام ئاشتیان خۆشدەوێت و عاشقی گەل و نیشتمانن و نایانخەنە مەترسییەوە.


ڕاگەیەندراوەکەی سەدر دوای ئەو زنجیرە ھێرشە دێت کرانە سەر بارەگای ھاوپەیمانەکانی سەدر کە دواترینیان ھێرش کردنە سەر نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو لە کەرکوک.