تەندروستی ئێران: تەنھا ٧ ملیۆن کەس ڤاکسینیان وەرنەگرتووە

14/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە ٩٥٪ی دانیشتوانی وڵاتەکەی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایان وەرگرتووە.

موحسن زەھرایی بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، بەو پێیەی توێژینەوە زانیستییەکان سەلماندوویانە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا دەتوانێت بەڕێژەی ٥٠٪ بۆ ٨٠٪ رێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرێت، پێویستە ھاوڵاتیانی ئێران پەلە بکەن لە وەرگرتنی ڤاکسین و لەھەمان کاتدا رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکەن.
ئاماژە بەوەشکرد، تا ئێستا تەنھا حەوت ملیۆن کەس لە ئێران دۆزی یەکەمی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و ئەگەر ئەو ژمارەیش خۆیان بکوتن، ئاماری رۆژانەی توشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتەکە بەتەواوەتی کەم دەبێتەوە.
لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نزیکەی شەش ملیۆن و ٢١٥ ھەزار کەس لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ١٣٢ ھەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.