ھێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا کاردانەوەی لێکەوتەوە

14/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

شەوی رابردوو ژمارەیەک مووشەک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، لە بەغداد کران و بەھۆیەوە ٤ ھاوڵاتی بریندار بوون، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ھێرشەکە بە تیرۆریستی ناودەبات و موقتەدا سەدریش دەڵێت، ھێرشەکە بۆ دواخستنی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە.

بە پێی زانیارییەکان ژمارەی ئەو مووشەکانەی ئاڕاستە کراون لە نێوان دوو بۆ چوار مووشەک بوون، کە لە لایەن سیستمی بەرگریی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە خراونەتە خوارەوە، لەو بارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاندووە، چوار ھاوڵاتی بەھۆی ھێرشەکەوە بریندار بوون.
ھێرشەکەی شەوی رابردوو کاردانەوەی لێکەوتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ئاشکرایکرد، ھێرشەکە لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجامدراوە، کە ھەوڵدەدەن ئاسایش و سەروەری و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی عێراق لاواز بکەن.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدریش وتی، ئەو لایەنانەی کە بانگەشەی لێدان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەن، ئەو کارە دەکەن بۆ دواخستنی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ ئەوەی بتوانن بە بیانووی بەکارھێنانی چەک بمێننەوە، چونکە ئەوان بە بێ بوونی داگیرکەران بوونیان نییە.
ھاوکات قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەھلی حەق، رایگەیاند، ھێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بۆ تێکەڵکردنی کارتەکانە و ئەوان بڕیاریانداوە لە ئێستادا ھێرش ئەنجام نەدەن.