دەستەی دەستپاکی عێراق گەڕانەوەی زیاتر لە ٢٦ ملیۆن دۆلاری لە ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیاند

11/01/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٦ ملیۆن دۆلار گەڕێنراوەتەوە کە لەلایەن تۆمەتبارانەوە بە شێوەی نائاسایی کۆکراوەتەوە.

نوسینگەی یاسایی دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا و بە بڕیاری دادگا توانراوە بڕی ٢٦ ملیۆن و ٢١٥ ھەزار دۆلار بە شێوەی گواستراوە و نەگواستراوە بگەڕێندرێنەوە کە بە شێوەی نایاسایی لەلایەن تۆمەتبارانەوە بەدەستھاتووە.

ڕاشیگەیاند چەندین لایەن ھاوکار بوون لە گەڕانەوەی ئەو پارەیە بە تایبەت نوسینگەی لێکۆڵینەوە و چاودێری. 

لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش ڕایگەیاندووە، لە عێراق بڕی ٣٦٠ ملیار دۆلار بە تاڵان براون، گەڕانەوەشیان لە ڕێی نوسینگەی گەڕانەوەی پارە لە دەستەی دەستپاکی و سندوقی گەڕانەوەی پارەکان بەڕێوەدەبرێت.